بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، گۆڕانی ڕەنگی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ پەمەیی و سوور لە هەندێک ناوچەدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی ئاستی سوێریی ئاوەکە و گۆڕانی مەرجە ژینگەیییەکانەوە هەیە.
حوجەت جەباری دەڵێ، لەگەڵ کەمبوونەوەی قەبارەی ئاو و زیابوونی ئاستی هەڵمبوونی دریاچەی ورمێ، خەستیی خوێ لە بەشێک لە دەریاچەکەدا سەرهەڵدەدات و ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ چالاکبوونی هەندێک زیندەوەری ورد کە لەگەڵ ژینگەی سوێردا دەگونجێن.
جەباری ڕوونیی کردووەتەوە، یەکێک لەو زیندەوەرانەی لە ئاوی سوێریی بەرزدا چالاک دەبێت ڕەنگی سوور دەردەدات.
بەڕێوەبەری گشتیی ژینگەی پارێزگاکە جەختی لەوە کردووەتەوە، دیاریکردنی هۆکاری تەواوەتیی ئەم ڕووداوە پێویستی بە پشکنینی وردی تاقیگەیی هەیە، بەڵام گۆڕانی ڕەنگی ئاوەکە بە تەنها بە مانای دیاردەیەکی مەترسیدار نییە، هەرچەندە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانی کەشوهەوای ژینگەیی و بەرزبوونەوەی ئاستی سوێری لە دەریاچەی ورمێدا.