وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو رێکاری ئابووریی نوێ دژی ئێران دەگیرێتەبەر کە لە مێژووی گۆشەگیری ئابووری وڵاتاندا وێنەی نەبووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، بۆ هەفتەی داهاتوو چاوەڕوانی هەواڵ و راگەیاندنی نوێ بن.
ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن خەریکی ئامادەکردنی ڕێکار گەلێکە کە پێشتر هاوشێوەیان نەبووە بۆ پەراوێزخستنی ئابووری ئێران و توندکردنەوەی گوشارەکان بۆ سەر تاران.
ئەم لە کاتێکدایە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران چڕتر کردووەتەوە. هاوکات پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش جەختیکردووەتەوە، هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی دەتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بپارێزن.
واشنتن لە چەند مانگی رابردوودا سزاکانی بۆ سەر تاران زیاد کردووە، بە تایبەتی ئەو تۆڕە داراییانەی کردووەتە ئامانج کە یارمەتی ئێران دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان.