ڕۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەڵمانیا بە پاڵپشتی دامەزراوەیەکی تایبەت، بەرنامەیەکی پێنج ساڵەی بە بڕی ١٠ ملیۆن یۆرۆ دەستپێکردووە و ئامانج لێی زیادکردنی ژمارەی گەشتى قوتابخانەکانە بۆ ئۆردوگای کۆکردنەوەى هاوڵاتیانى جولەک و شوێنى کۆمەڵکوژکردنیان.
کارین پرین وەزیری کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە: گەشتی خوێندکاران بۆ ئاوشڤیتز و ترێبلینکا و سۆبیبۆر ڕێک دەخرێت. ئامانجامان لەم کارە ئەوەیە گەنجان بەو تاوانە مێژوییە ئاشنابن.
گوتیشى: لە ساڵی 2010ـەوە تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار خوێندکار ئەمجۆرە گەشتەیان ئەنجامداوە و ئامانجامانە ژمارەى بەشداربوان بۆ 12 هەزار کەسى ساڵانە زیاد بکەین.
دەشڵێت: ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی ئەوەی کەسێک دژە فاشیست یان دیموکراسی بێت، بەڵام یارمەتی هاوڵاتیان دەدات لەوە تێبگەن مەترسیەکانى ڕووداوێکى هاوشێوە هەمیشە هەیە.
ئەوەشیخستەڕوو: لەو ناوچانە ناوەندێکى پەروەردەیی دروست دەکرێت کە تێیدا یادەوەری هۆلۆکۆست دەپارێزرێت.