ڕاستەوخۆ

چیتر ناتوانرێت لە ناو ئەمریکاوە داواکاری بۆ 'گرین کارت' پێشکەش بکرێت

reset font size increase font size

حکومەتی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی لەبارەی پێدانی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی (گرین کارت) ڕاگەیاند.

بەگوێرەی بڕیارەکە، دەبێت ئەو کەسانەی لەناو ئەمریکادان و داواکاری مانەوە پێشکەش دەکەن، وڵاتەکە جێبهێڵن و لە وڵاتی خۆیانەوە داواکارییەکە پێشکەش بکەن، ئەمەش نیگەرانی و سەرلێشێوانی لای سەدان هەزار کۆچبەر دروستکردووە.

زاخ کالەر، وتەبێژی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەمریکا (USCIS) لە ڕاگەیەندراوێکد دەلێت، "لەمەودوا هەر کەسێک بە شێوەیەکی کاتی لە ئەمریکا بێت و بیەوێت گرین کارت بەدەستبهێنێت، دەبێت بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکە، مەگەر لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا نەبێت."

وتەبێژەکەی فەرمانگەی کۆچبەران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی بە ڤیزای کاتی وەک "خوێندن، کارکردن، یان گەشتیاری" لە ئەمریکان، پێویستە دوای تەواوبوونی ماوەی ڤیزاکانیان وڵاتەکە جێبهێڵن، نەک گەشتەکەیان بکەنە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدەستهێنانی گرین کارت.

 بە گوتەی ئەو، ئەم بڕیارە ڕێگری دەکات لەوەی کەسانی ڕەتکراوە "بچنە ناو تاریکییەوە و بە نایاسایی لە ئەمریکا بمێننەوە."

ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیستمەکەدا، چونکە ساڵانە ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیۆن گرین کارت دەبەخشێت، کە زیاتر لە نیوەی پێشکەشکارانیان پێشتر لەناو خاکەکەیدا بوون.

بڕیارە نوێیەکە نادرووستی و ناڕوونی زۆری لێکەوتووەتەوە.

 پارێزەران و شارەزایانی کاروباری کۆچبەران دەڵێن هێشتا ڕوون نییە ئایا بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە پێشتر داواکارییان پێشکەش کردووە یاخود نا.

هاوكات هۆشداری دەدەن کە گەڕانەوەی هەندێک لە داواکاران بۆ وڵاتەکانیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەکات، بەتایبەت کە لە هەندێک وڵاتدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوونی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.