سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا و ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە کێشەی سووتەمەنییان بۆ دروستبووە، با خۆیان چارەسەرێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال ڕایگهیاند، هەموو ئەو وڵاتانەی بەهۆی گەرووی هورمزەوە ناتوانن سووتەمەنی فڕۆکە بەدەستبهێنن؛ وەک بەریتانیا کە ڕەتیکردەوە بەشداریی بکات لە سەربڕینی ئێران، پێشنیاز دەکەم سووتەمەنی لە ئەمریکا بکڕن، لای ئێمە زۆرە.
گوتیشی، کەمێک بوێریتان هەبێت و بچنە گەرووی هورمز، بە زۆر سووتەمەنی ببەن.
ترەمپ جەختیکردەوە، ئەو وڵاتانە دەبێت فێربن بۆ خۆیان بجەنگن، ئەمریکا چیتر بۆ هاوکاریتان لەوێ نابێت، ڕێک وەک ئەوەی کە ئێوە بۆ ئهمریكا لەوێ نەبوون.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، ئێران بە شێوەیەکی بنەڕەتی تێکشکێنراوە و بەشە قورسەکەی جەنگ تەواو بووە. گوتیشی، بڕۆن نەوتی خۆتان دەست بخەن.
لە پەیامێکی دیکەشدا، ترەمپ ڕەخنەی لە فەڕەنسا گرت و ڕایگەیاند، ئەو وڵاتە ڕێگەی نەداوە ئەو فڕۆکانەی کەرەستەی سەربازییان بۆ ئیسرائیل هەڵگرتووە، بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕن. جەختیشی کردەوە، ئەمریکا ئەمە لە یاد ناکات.