بارودۆخی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە قۆناغی پێکدادانی ڕاستەوخۆی بەرفراوان. دوای ئەوەی ئەمریکا هێرشی کردە سەر 140 ئامانج لە ناوخۆی ئێران، چەندین شاری باشووری ئەو وڵاتە بە چڕی بۆردومان کران و تاران جەخت دەکاتەوە، لە وەڵامدا زیانی قورسی گیانیی بە سوپای ئەمریکا گەیاندووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، دەوروبەری کاژێر 07:00ـی شەوی یەکشەممە بە کاتی تاران (06:30 بە کاتی هەولێر)، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەکجار بەهێز شارەکانی بەندەرعەباس، حاجی ئاباد، بەندەری لنگە و دوورگەکانی فاروور و قەشمی هەژاندووە.
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی فەرمی بڵاویکردەوە، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئەو شارانە و بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی بۆردومانکردنی دوورگەی "فاروور"، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. هاوکات ئاژانسی "فارس نیوز"ی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەنگی تەقینەوەکان لە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری بەندەر عەباس و سنووری دەریایی دوورگەی قەشم لە گەرووی هورمز یەکجار بەهێز بوون.
لەسەر هەمان بابەت، حوسێن ئەمیرتەیمووری، قایمقامی دوورگەی قەشم ڕایگەیاند: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە نزیکەیی 10 تا 11 مووشەک هێرش کرایە سەر دوورگەکە". قایمقامی قەشم دووپاتی کردەوە کە سەرجەم ئەو شوێنانەی لە ناو دوورگەکەدا کراونەتە ئامانج، پێگەی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوون، بەڵام هێرشەکە لە ناو قەشمدا زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی "فارس نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری سەربازیی ئێرانەوە ئاشکرای کرد، کە لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران چەندین پێگەیان لە وڵاتانی ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج. سەرچاوەکە جەختی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوێت، سێ سەربازی ئەمریکی کوژراون.
ئەم پێکدادانە دوای ئەوە دێت، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر 140 ئامانجی سەربازی و ستراتیژی لە ناو قووڵایی ئێراندا.