ڕاستەوخۆ

فوئاد حوسێن: ڕێگە نادەین خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر سعوودیە بەکاربهێنرێت

reset font size increase font size

فۆئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی باڵادا لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی، پابەندیی تەواوی بەغدای دووپات کردەوە بۆ ڕێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر سعوودیە و وڵاتانی ناوچەکە.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە, کە ناوچەکە بەهۆی جەنگی بەردەوامی نێوان ئێران و ئەمریکاوە گرژیی قورسی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە یاوەریی شاندێکی باڵای ئەمنی، کە پێکهاتبوون لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حەمید شەیتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، گەیشتە شاری جەددە و لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی کردەوە. لە ڕاگەیێندراوەکەدا بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە نیشتمانییەکانی عێراق وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سەرانسەری ناوچەکە وەسف کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە ڕوونی پابەندیی وڵاتەکەی دووپات کردووەتەوە، کە بەغدا ڕێگە بە هیچ چالاکی، جووڵە یان هێرشێک نادات خاک و ئاسمانی عێراق بەکاربهێنێت بۆ بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە یان هەر کام لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.

ئەم سەردانە و بڕیارە ئەمنییە پێشهاتێکی گرنگە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ڕاستەوخۆی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتی ئەمساڵدا (2026)، چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر وڵاتانی جیاوازی کەنداو، گرووپە چەکدارەکانی وابەستە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی عێراقەوە بەرپرسیارێتیی بەشێک لەو هێرشە درۆنییانەیان گرتە ئەستۆ، ئەمەش بەغدای خستووەتە ژێر گوشارێکی قورسی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.