ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی ئەیلولی 2026، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی سەرەکیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، لە ڕاگەیێندراوێکدا کۆتاییهاتنی فەرمیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی "پێداگریی پۆڵایین"ی دژی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەیلولی 2024ی نێوان واشنتن و بەغدا جێبەجێ کراوە.
پێنتاگۆن جەختی کردەوە، کشانەوەی هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، خاڵی کۆتاییهاتنی سەرکەوتووانەی ئەرکە 12 ساڵەکەی هاوپەیمانانە لە تێکشکاندنی داعش.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ئەرکی هاوپەیمانی لە قۆناغی جەنگەوە دەگۆڕدرێت بۆ پەیوەندییەکی ئەمنیی دووقۆڵی ئاسایی لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.
هاوکات پێنتاگۆن دووپاتی کردەوە کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی مەشقی تایبەت و پشتیوانیی هەواڵگری بۆ هاوبەشە عێراقی و کوردەکانی، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری.