ڕاستەوخۆ

حکومەتی عێراق پێداگری لەسەر چەکداماڵینی گروپەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکاتەوە

reset font size increase font size

حکومەتی عێراق ڕژدبوونی خۆی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان لە وادەی دیاریکراودا ڕاگەیاند، ڕۆژی 30ی ئەیلولی 2026 دەبێت.

لە هەمان کاتدا بەغدا دڵنیاییدا، کە دوای ئەو بەروارە هیچ هێزێکی بیانی لە خاکی عێراقدا نامێنێتەوە و پرۆسەی کشانەوەیان بە تەواوەتی کۆتایی پێدێت.

حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانی حکومەت لەگەڵ گروپە چەکدارەکان سەبارەت بە مکانزم و ڕێکارەکانی چەکدانان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە. ڕوونیشی کردەوە، ئەو هۆکارەی گروپەکان بۆ هەڵگرتنی چەک دەیانهێنایەوە، کە بریتی بوو لە بوونی هێزە بیانییەکان، لە دوای 30ی ئەیلول کۆتایی پێدێت.

هاوکات سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کردەوە، تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراون و ڕۆژی 30ی ئەیلول دوا وادەی نەگۆڕە، بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەسەر کراوە و درێژ ناکرێتەوە.

حکومەتی عێراق لە دانوستانی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئەو گروپانەی، کە پێشتر ڕەتیان دەکردەوە چەک دابنێن، لەوانەش گروپەکانی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی حزبوڵا، سەرایا ئەولیا دەم و ئەسحابولکەهف، تاوەکو ڕێگری لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو بپاریزرێت.

پێشتر حکومەت توانیویەتی ڕەزامەندیی هەریەک لە گروپە سەرەکییەکانی وەک سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی بەدەستبهێنێت بۆ ڕازیبوون بە بڕیاری چەکداماڵین و تێکەڵبوونیان لەناو دامودەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی دەوڵەتدا.

ڕۆژی 30ی ئەیلولی 2026 وەک وەرچەرخانێک لە دۆخی ئەمنیی عێراق سەیر دەکرێت، کە تێیدا وڵاتەکە لە بەردەم دوو گۆڕانکاریی سەرەکیدایە؛ یەکەمیان چەکداماڵینی تەواوەتی گرووپەکان و دووەمیان کۆتاییهاتنی ئامادەیی هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراقدا.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.