بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، بڕیارە کەنەدا بە شێوەیەکی ڕەسمی باجی گومرگیی تۆڵەسەندنەوە لە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕابگەیەنێت.
ئەم هەنگاوە دوای شکستهێنانی دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت.
مارک کارنی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕەنگە وڵاتەکەی دەستبەرداری بنەمای هاوتاکردنی"دۆلار بەرانبەر دۆلار" بێت لە سەپاندنی سزای گومرگیدا و لەبری ئەوە رێکاری تۆڵەسەندنەوەی ئامانجدارتر بگرێتە بەر بۆ پاراستنی کۆمپانیا و کرێکارە کەنەدییەکان.
دۆناڵد ترەمپ داوای لە سەرکردەکانی کەنەدا کردووە ملکەچی داواکارییەکان بن، بە پێچەوانەوە هەڕەشەی سەپاندنی باجی گومرگیی نوێی بە ڕێژەی 50% بۆ سەر ئۆتۆمبێل، پارچەی ئۆتۆمبێل و پۆڵای کەنەدی کردووە.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا واشنتۆنی تۆمەتبار کردووە بەوەی هەوڵی شکستپێهێنان و هەڵوەشاندنەوەی پیشەسازییە سەرەکییەکانی کەنەدا دەدات.