رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەڵێت، مافەکانی مرۆڤ لەژێر گوشارەکانی دۆناڵد ترەمپ رووبەڕووی مەترسیی جدی بووەتەوە و پێویستە هەوڵی سەرەکیی ئەم سەردەمە، کۆتاییهێنان بە سەرەڕۆیی لە جیهان بێت.
هیومان رایتس وۆچ، بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی ٥٢٩ لاپەڕەیی، لێکۆڵینەوەی لە دۆخی مافی مرۆڤ بۆ زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهان کردووە و دەڵێت، پەرەسەندنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەموو جیهان، سیستمی گەردوونیی مافی مرۆڤی رووبەڕووی داڕمان کردووەتەوە.
لە پێشەکیی راپۆرتەکەدا فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری رێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، حکومەتی ئەمریکا لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە، هێرشی بەربڵاوی بۆ سەر بنەماکان و سیستمی گەردونیی مافی مرۆڤ دەستپێکردووە و سەرکۆماری ئەمریکا، ئەو پەیامەی بە ئاشکرا جێگیرکردووە کە "هێز، ماف دیاریدەکات و تاوانەکان نابنە رێگر لەبەردەم رێککەوتن و مامەڵەکان". ناوبراو ئەمریکای تاوانبار کردووە کە بە قسە و کردار، یارمەتیی چین و روسیای دەدات لە پێشخستنی رێکاری نێودەوڵەتیی دواکەوتووانە.