ڕاستەوخۆ

سی ئین ئین: تڕەمپ لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان پێنج زانیاریی ناڕاستی پێشکەش کردووە

reset font size increase font size

دانیال دەیل، ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی بەدواداچوونی ڕاستییەکان( (Fact-checkلە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، زنجیرەیەک بانگەشە و زانیاریی ناڕاستی دەربارەی گرینلاند، شەڕەکانی جیهان، هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و ئابووریی ئەمریکا خستووەتەڕوو.

تڕەمپ کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ سەردانی تورکیای کردووە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەم پێنج زانیارییە ناڕاستەی دووبارە کردەوە، کە لێرەدا ڕاستییەکانیان خراوەتەڕوو:

١. گەمارۆدانی گرینلاند لەلایەن چین و ڕووسیاوە

بانگەشەی تڕەمپ: دووبارە داوای کرد ئەمریکا کۆنترۆڵی گرینلاند (کە ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆی سەر بە دانیمارکە) بکات و گوتی: "دوورگەکە بە کەشتییەکانی چین و ڕووسیا دەورەدراوە."

ڕاستییەکە:  فەرماندەی هێزەکانی ئارکتیک لە سوپای دانیمارک، حکومەتی گرینلاند و پسپۆڕانی سەربازیی نێودەوڵەتی ئەم بانگەشەیەیان بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند، هیچ جووڵەیەکی نائاسایی کەشتییەکانی چین و ڕووسیا لەو ناوچەیەدا نییە و دەستەواژەی "دەورەدان" هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە.

٢. کۆتاییهێنان بە "هەشت شەڕ"

بانگەشەی تڕەمپ: "من کۆتاییم بە هەشت شەڕ لە جیهاندا هێناوە."

ڕاستییەکە : ئەم لیستەی تڕەمپ پڕە لە زانیاریی چەواشەکەر؛ بۆ نموونە کێشەی دیپلۆماسیی نێوان میسر و ئەسیویا، یان گرژییەکانی سربیا و کۆسۆڤۆ لە بنەڕەتدا شەڕ نەبوون لە سەردەمی ئەودا.

هەروەها شەڕی نێوان ڕواندا و کۆنگۆ سەرڕای نێوەندگیریی واشنتن هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
سەبارەت بە غەززەش، سەرڕای ئاگربەست، هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، و شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش لە ساڵی ٢٠٢٦دا دووبارە سەریهەڵدایەوە.

٣. هاوکارییەکانی بایدن بۆ ئۆکرانیا

بانگەشەی تڕەمپ: "کاتێک جۆ بایدن لێرە بوو، بە بەهای سەدان ملیار دۆلار چەک و ئامێری سەربازیی دایە ئۆکرانیا."

ڕاستییەکە: بەپێی ئامارەکانی پەیمانگای "کیڵ" بۆ ئابووریی جیهانی، کۆی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە سەرەتای شەڕەکەوە (٢٠٢٢) تاوەکو نیسانی ٢٠٢٦ تەنیا نزیکەی ٧٤ ملیار دۆلار بووە.

 ئەگەر هاوکارییە مرۆیی و داراییەکانیشی خرێتە سەر، کۆی گشتی دەگاتە ١٣٢ ملیار دۆلار، کە زۆر دوورە لەو "سەدان ملیار"ەی تڕەمپ باسی دەکات.

٤. وەبەرهێنانی ١٩.٢ تریلیۆن دۆلاری لە ئەمریکا

بانگەشەی تڕەمپ: "لە ماوەی ١٢ بۆ ١٨ مانگی ڕابردوودا لەم خولەی سەرۆکایەتیمدا، بڕی ١٩.٢ تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان هاتووەتە ناو ئەمریکاوە."

ڕاستییەکە: تەنانەت ماڵپەڕی فەرمیی کۆشکی سپی خۆی باس لە ١٠.٦ تریلیۆن دۆلار دەکات، بەڵام بەدواداچوونێکی وردی سی ئێن ئێن نیشانی دەدات کە کۆشکی سپی بەڵێنی ناڕوون، گرێبەستی بازرگانیی دووقۆڵی ئاسایی و لێدوانی گشتیی کۆمپانیاکانیشی وەک وەبەرهێنان هەژمار کردووە.

 ئامارە فەرمییەکانی فیدراڵی نیشان دەدەن وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەکی لە ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا ٢٣٢ ملیار دۆلار بووە.

٥. ساختەکاری لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠

بانگەشەی تڕەمپ: دووبارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمریکای بە "هەڵبژاردنێکی ساختەکراو" ناوبرد.

ڕاستییەکە: ئەمە درۆیەکی بەردەوامی تڕەمپە؛ هێچ بەڵگەیەک بۆ ساختەکاریی ڕێکخراو نەدۆزراوەتەوە و تڕەمپ لە هەڵبژاردنێکی یاساییدا بە جۆ بایدن دۆڕا.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.