سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، 45 ملیۆن کەس هەڕەشەی برسێتییان لە سەرە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشدارییدا لە بارەی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر ئاسایشی خۆراک و ئابووریی جیهان و ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە 45 ملیۆن کەس هەڕەشەی برسێتییان لە سەرە.
گۆتێرێز گوتیشی، "بەردەوامبوونی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کەمدەکاتەوە، ئەوەش مەترسییەکی جدییە".
پێشتریش ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (فاو) سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بکێشێت، ئاسایشی خۆراکی جیهانی دەکەوێتە مەترسییەوە.