سەرکردەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە کۆتایی لووتکەکەیاندا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا پابەندبوونی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی بەکۆمەڵ بەپێی بەندی پێنجەمی پەیماننامەی واشنتن دووپاتکردەوە.
هاوپەیمانییەکە زنجیرەیەک بڕیاری ستراتیژیی گرنگی سەبارەت بە زیادکردنی بودجەی سەربازی، بەهێزکردنی تەکنەلۆژیای جەنگی و پاڵپشتیکردنی بەردەوامی ئۆکراینا ڕاگەیاند.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە درێژخایەنەی کە ڕووسیا لەسەر ئاسایشی ناوچەی یۆرۆ-ئەتڵەسی دروستی دەکات، ناتۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانانی ئەورووپی و کەنەدا لە ساڵی 2025دا بودجەی بەرگرییان بە بڕی زیاتر لە 139 ملیار دۆلار زیاد کردووە. هاوکات دابینکردنی زیاتر لە 50 ملیار دۆلاری دیکە بۆ کڕینی کەرەستەی نوێی سەربازی و خێراکردنی داهێنانە پیشەسازییەکان پەسند کرا.
لە بەشێکی ڕاگەیێندراوەکەدا، ناتۆ جەختی لەسەر پشتگیریی نەگۆڕی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دەربڕی. بۆ ئەم مەبەستەش، هاوپەیمانان بەڵێنیاندا کە بۆ ساڵی 2026 بڕی 70 ملیار یۆرۆ لە کەرەستەی سەربازی، هاوکاری و مەشق و ڕاهێنان بۆ ئۆکراینا دابین بکەن، لەگەڵ پابەندبوونیان بە پاراستنی هەمان ئاستی پاڵپشتی بۆ ساڵی 2027.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ناتۆدا بە ڕوونی هاتووە: "نابێت ئێران هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی". هاوکات سەرکردەکانی ناتۆ داوایان لە ئێران کرد، بە تەواوی ڕێز لە ئازادیی کەشتیوانی و هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا بگرێت.