جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژەی بە چەند بابەتێکی بنەڕەتی لەسەر یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کردووە و جەختی کردووەتەوە کە دەبێت "یاسای چوارچێوە" گشتگیر بێت؛
بە جۆرێک هەموو سەرکردە و ئەندامانی پەکەکە بگرێتەوە و هیچ کامێکیان دوای گەڕانەوەیان بۆ وڵات سزا نەدرێن.
تایب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "میزۆپۆتامیا" ئاشکرای کرد، ئۆجەلان داوای کردووە یاسایەکی دیاریکراو و تایبەت بۆ سەرجەم بەندکراوانی سیاسی لە تورکیا دەربچێت.
تایب تەمەل ڕەخنەی تووندی لە دەسەڵاتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی ئاکپارتی سیاسەتی بەفیڕۆدانی کات و دواخستنی هەنگاوەکانی پڕۆسەی چارەسەری جێبەجێ دەکات و بابەتەکە تەنیا لە چوارچێوەی لێدوان و بانگەشەی سیاسییدا ماوەتەوە.
تەمەل گوتیشی: "ئامادەکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەماندا تەنیا پێویستی بە یەک هەفتە هەیە، بەڵام حکومەت ماوەی ساڵێکە ئامادەکردنی ئەو یاسایە دوادەخات."
جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئاستێک، جۆرێک لە هاوڕایی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە بۆ ئەوەی یاسای چوارچێوە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا (٢٠٢٦) پەسەند بکرێت، لە ئێستاشدا چاوەڕوانن حکومەت ئامادەکردنی ڕەشنووسە تایبەتەکە تەواو بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیای بکات.