تولای حاتیمۆغڵوڵاری، هاوسەرۆکی دەمپارتی، ڕایگەیاند: پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و پێویستە دەوڵەت بە هەنگاوی کۆنکرێتی وەک ئازادکردنی سیاسییە دەستبەسەرکراوەکان و هەڵگرتنی سیستەمی قەیومەکان، نییەتی خۆی بسەلمێنێت.
هاوسەرۆکی دەمپارتی ئاماژەی بەوە کرد: دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆمسیۆن، چاوەڕوان دەکرێت پەرلەمان لە دوای جەژن یاسای ئاشتی و یاساکانی تێکەڵبوونەوەی دیموکراتیک پەسەند بکات.
تولای حاتیمۆغڵوڵاری جەختی لەوەش کردەوە: جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری بۆ ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان، پێویستی بە یاسای نوێ نییە و تەنیا ئیرادەی سیاسی دەوێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتویەتی: ئەوان بە نیازێکی پاکەوە بۆ ئاشتی هاتوونەتە پێشەوە و پێویستە دەسەڵاتیش بە هەمان ڕۆحییەت و بە کردەوە وەڵامی داواکارییەکان بداتەوە بۆ ئەوەی گومانەکان لەسەر پەکخستنی پڕۆسەکە بڕەوێنێتەوە.