ڕاستەوخۆ

دەقی یاداشتی ڕێکەوتنی 14 خاڵی ئەمریکا و ئێران

reset font size increase font size

دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی نێوان  ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و مەسعوود پزیشکیانەوە واژۆ کراوە، ئاشکرا بوو؛ ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر تاران، ئازادکردنی سەدان ملیار دۆلار و کردنەوەی گەرووی هورمز لەخۆدەگرێت.

یاداشتەکە کە بە "ئاشتەوایی ئیسلام ئاباد" دەناسرێت و بە ناوبژیوانیی حکومەتی پاکستان گەیشتووەتە ئەنجام، نەخشەڕێگەیەکی 60 ڕۆژە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دیاری دەکات. لێرەدا دەقی تەواوی خاڵەکان و وردەکارییەکانی بڵاودەکەینەوە:

 کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا

ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لەم جەنگەدا، پابەند دەبن بە ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا، بە لوبنانیشەوە.

هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەکی سەربازی دژی یەکدی بەکارنەهێنن و سەروەریی خاکی لوبنان بپارێزن.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەم خاڵە بەو مانایەیە کە دەبێت ئێران کۆتایی بە داراییەکردنی گرووپە چەکدارەکان و نانەوەی پشێوی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

ڕێزگرتن لە سەروەریی یەکدی

 ئەمریکا وئێران بەڵێن دەدەن ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن و دەست لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر وەرنەدەن.

ئەم خاڵە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا ستراتیژی گۆڕینی ڕژێمی لە ئێراندا وەلاناوە.

مۆڵەتی 60 ڕۆژ بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی

هەردوولا پابەند دەبن لە ماوەی  60 ڕۆژدا (کە دەکاتە 16ـی ئابی داهاتوو) گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی. ئەم ماوەیە بە ڕەزامەندیی هەردوولا شابی درێژکردنەوەیە.

پڕۆسەی گفتوگۆکان لە کاتێکدایە کە ئێران لە نێوان 4 بۆ 9ـی تەممووزدا سەرقاڵی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای پێشووی ئێران دەبێت کە لە سەرەتای جەنگەکەدا کوژرا.

 لادانی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا

دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتە، ئەمریکا پڕۆسەی لادانی گەمارۆی دەریایی و نەهێشتنی هەر ئاستەنگێک لەبەردەم ئێران دەستپێدەکات و لە ماوەی 30 ڕۆژدا گەمارۆکە بە تەواوی هەڵدەگرێت.

هەروەها ئەمریکا بەڵێن دەدات لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای ڕێککەوتنی کۆتایی، هێزە زیادەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.

کردنەوەی گەرووی هورمز

ئێران بەڵێن دەدات باشترین هەوڵی خۆی بدات بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی ئارام و بێبەرامبەر بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە.

پڕۆسەی پاککردنەوەی مینە چێنراوەکانیش لە ماوەی 30 ڕۆژدا لەلایەن ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێت و تاران لەگەڵ عومان و وڵاتانی دیکەی کەنداو گفتوگۆ دەکات بۆ دیاریکردنی سیستمی داهاتووی بەڕێوەبردنی گەرووەکە.

سندوقی 300 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنانەوە

ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی (وڵاتانی کەنداو) کاردەکات بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەش بە بەهای لانی کەم 300 ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران.

ئەمریکا هەموو مۆڵەت و ڕێپێدانە داراییە پێویستەکان بۆ ئەم مەبەستە دەردەکات.

هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان

ئەمریکا بەڵێن دەدات هەموو جۆرە سزاکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، لەوانەش بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزا یەک لایەنەکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکییەکان) بەپێی خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوو.

دۆسیەی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم

ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک بەدوای بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیدا ناڕوات.

 هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی ئێران لەناوخۆی وڵاتەکەدا و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA).

پاراستنی دۆخی ئێستا

تاکاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی وەک خۆی دەهێڵێتەوە، لە بەرامبەردا ئەمریکا هیچ سزایەکی نوێ نسەپێنێت و هێزی زیاتریش ڕەوانەی ناوچەکە ناکات.

دەرکردنی مۆڵەت بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران

دەستبەجێ دوای واژۆکردنی یاداشتەکە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکی و دڵنیایی و گواستنەوەکان، ئەمەش ڕێگە بە ئێران دەدات لە کاتی گفتوگۆکاندا نەوتەکەی بفرۆشێت.

ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان

ئەمریکا بەڵێن دەدات سەرجەم سەرمایە و داراییە بلۆککراو یان سنووردارکراوەکانی ئێران ئازاد بکات.

 گوتەبێژانی سەربازیی ئێران باسیان لە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار کردووە، بەڵام میدیاکانی ئێران دەڵێن قەبارەی داراییە بلۆککراوەکان لە نێوان 124 بۆ 167 ملیار دۆلاردایە.

میکانیزمی چاودێری

لیژنەیەکی جێبەجێکار لە نێوان هەردوولادا پێکدەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم یاداشتە و پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێککەوتنەکەوە.

قۆناغی جێبەجێکردنی مەرجدار

دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتە، دەستپێکردنی گفتوگۆکانی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر خاڵەکانی دیکە، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی دەستبەجێی خاڵەکانی (1، 4، 5، 10، و 11) کە تایبەتن بە لادانی گەمارۆکان، ئازادکردنی پارە و کردنەوەی ڕێڕەوە دەریاییەکان.

پشتڕاستکردنەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە

ڕێککەوتنی کۆتایی نێوان ئەمریکا و ئێران پێویستی بە بڕیارنامەیەکی پابەندکەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر لایەک یان ئیدارەیەکی داهاتووی ئەمریکا بکرێت کە بە تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.