وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی ڕاگەیاند، کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ تەمویل دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ڕۆژی یەکشەممە 21ی حوزەیران تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
دابەشکردنی مووچەکە سەرجەم ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەش دەگرێتەوە کە تەمویلکردنی شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
هاوکات لە هەمان ماوەدا، مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرە هەمیشەیی و گرێبەستانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای (1ی تەممووزی 2024)ەوە لەسەر میلاکی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.