عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ واشنتن هێنا و بەغدادی پایتەخت گەڕایەوە؛ لە پەیامێکیشدا سوپاسی ئیدارەی ئەمریکای کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کراوە و ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنەکان قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) بڵاویکردەوە، کە دوای تەواوبوونی کارنامەی سەردانەکەی، واشنتنی بەرەو بەغداد جێهێشتووە. ئەو سوپاسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ پێشوازیکردنیان لە شاندی باڵای عێراق و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕێککەوتنانەی لەم سەردانەدا واژۆکراون، دەبنە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لە چەندین بواری جیاوازدا.
زەیدی جەختیشی کردەوە کە حکومەتەکەی ڕژدە لەسەر پەرەپێدانی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا و دروستکردنی متمانەی قووڵ بۆ ئاییندە.
شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، لە ١٣ی ئەم مانگەدا گەیشتنە واشنتن و لە ماوەی مانەوەیاندا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ئەنجامدا، هاوکات چەندین گرێبەست و ڕێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکادا واژۆکرد.