ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەیدا بۆ ساڵی 2025 هۆشداریی دەدات، سیستمی جیهانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار لە داڕمان و ڕاشیگەیاند، زلهێزەکان بە تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن.
ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ، ڤلادیمێر پوتین و بنیامین نەتانیاهۆ، لە بری دیپلۆماسی، پەیڕەوی ستراتیژییەتی سەرکوتکاری و توندوتیژی دەکەن بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی و ئابووری خۆیان لە ئاستی جیهاندا.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی دوای جەنگی جیهانی دووەم بۆ پاراستنی ئاشتی دروست کرا، ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی زلهێزەکاندایە. ئاماژەی بەوەشکردووە، بێدەنگی و بێهەڵوێستی زۆرێک لە وڵاتان لە بەرانبەر پێشێلکارییەکان، بووەتە هۆی هاندانی زیاتری سیاسەتی شەڕخوازی.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی توندی لە ئیدارەی ترەمپ گرتووە، بەهۆی ئەنجامدانی کوشتنی بەبێ دادگایی لە دەرەوەی سنورەکانی و گرتنەبەری سیاسەتی نایاسایی بەرانبەر ئێران و ڤەنزوێلا. هەروەها ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ دەستکەوتەکانی چەندین دەیەی مافی ژنانی لاواز کردووە.
هەروەها باسی لەوەکردووە، حکومەتی ئیسرائیل، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەردەوام بووە لە هێرشەکانی بۆ سەر غەزە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ڕاگرتنی ئەم شەڕەدا شکستی هێناوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە نموونەیەکی زەقی حکومڕانیی هێز لە دەرەوەی یاسا. هێرشە نایاساییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و وەڵامدانەوە بێ کۆنتڕۆڵەکانی ئێران لە لایەکی دیکەوە، نیشانەی داڕمانی بنەما یاساییەکانن لە ناوچەکەدا.