سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، ناچنە جەنگ و ململانێیەکەوە کە هی ئەوان نییە.
کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، ناچنە جەنگ و ململانێیەکەوە کە هی ئەوان نییە، بەپێچەوانەوە باشترین ڕێگە گوشارکردن و گرتنەبەری ئەو هەنگاوانەیە کە دەتوانن گرژییەکان کەمبکەنەوە نەک زیاتری بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، میوانداریی بەستنی لوتکەیەکی جیهانیی تایبەت بە گەڕاندنەوەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز دەکەن و تێیدا سەرکردەی وڵاتانی جیاواز بەشدار دەبن، بە ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ گەڕاندنەوەی هاتوچۆ لە گەرووەکە، کە بووەتە هۆی قەیرانی ئابووری لە جیهاندا.
گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هەڵوێستی بەریتانیا لەبیر ناکەن لە هاوکاریینەکردنی واشنتن لە جەنگی دژ بە تاران.