وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا لەگەڵ ئەمریکا هەیە، تەنیا ئاڵوگۆڕی پەیامە لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە و ناونانی ئەم پڕۆسەیە بە دانوستان هەڵەیە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری گوتی، بوونی هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی تائێستا هیچ وەڵامێکی بۆ پێشنیازە 15 خاڵییەکەی ئەمریکا نەبووە، ئەو دەنگۆیانەشی باس لە پێنج مەرجی ئێران دەکەن، تەنیا لێکدانەوەی میدیایین.
دەشڵێت، ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و متمانەیان پێیان لە ئاستی سفردایە.
هاوکات ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ترەمپ دوورن لە ڕاستی و داوای ئاگربەستمان نەکردووە.