شاندە باڵاکانی دانوستانکاری ئەمریکا و ئێران، بە مەبەستی ئەنجامدانی خولێکی نوێی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، گەیشتنە کۆمەڵگەی هۆتێلی "بۆرگنشتاک" لە وڵاتی سویسرا، کە بڕیارە ببێتە مەیدانی سەرەکیی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی نێوان واشنتن و تاران.
کەمێک پێش ئێستا جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتووەتە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە؛
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشتر ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و گەیشتوونەتە سویسرا.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، هەردوو لا یەکەمین خولی گفتوگۆ تەکنیکی و سیاسییەکانی خۆیان لەم دانیشتنە تایبەتەدا دەستپێبکەن.
هاوکات، شاندێکی باڵای وڵاتی پاکستان کە پێکهاتووە لە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان و جەنەراڵ عاسم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای ئەو وڵاتە، ئیسلامئابادیان بە مەبەستی بەشداریکردن لەم پرۆسەیە جێهێشتووە و لە ڕێگادان بەرەو سویسرا.
پاکستان کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی سەرەتاییەوە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕۆڵ دەبینێت، ڕایگەیاندووە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن و پێشخستنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوو وڵات.
\
