وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە هێزە هەواڵگرییەکان لە بغداد تۆڕێکیان هەڵوەشاندووەتەوە کە تایبەت بوون بە بازرگانیکردن بە ئۆتۆمبێلی دزراو و دروستکردنی تابلۆی ساختە بۆ هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، تیمەکانی هەواڵگری پاش بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا، توانیویانە سەرجەم ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیر بکەن.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلی دزراو و چەندین تابلۆی ساختەدا گیراوە، کە تۆمەتباران بۆ شاردنەوەی ڕاستیی دزینی ئۆتۆمبێلەکان و نیشاندانیان وەک ئۆتۆمبێلی یاسایی بەکاریان هێناون.