ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، گەلی ڕووسیا بە هاوسۆزییەوە لە پشت گەلی ئێران وەستاوە و بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات دەکەن، هاوکات بەڵێنی دا لەم کاتە سەختەدا هاوکاریی تاران بکات.
لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لووتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای، پوتن جەختی لە قوولایی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ڕەوش و ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییەکان، مۆسکۆ و تاران هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو پەیوەندییە ئابوورییەکانیان دەپارێزن.
سەرۆکی ڕووسیا ڕوونیشی کردەوە، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات پێداویستی و کەلوپەلی پێویست بۆ ئێران دابین بکات. هاوکات لە دیدارەکەدا، پوتن داوای لە پزیشکیان کرد کە سڵاوی تایبەتی خۆی بگەیەنێتە مجتبی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران.