قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەبارەی توندبوونەوەی سزاکانی سەر ئێران ڕایگەیاند، قبووڵ ناکەن ئێران لە ڕێگەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەوە گەمارۆ بدرێت و خەڵکەکەی رووبەڕووی سەختی ببنەوە، لە کاتێکدا عێراق تەنیا وەک بینەر سەیری بکات.
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، جەختیکردەوە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕێگە بەم جۆرە مامەڵەیە نادەن و داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کرد هەڵوێستێکی یەکگرتوو و نیشتمانییان هەبێت.
خەزعەلی ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هەڵوێستی عێراق لەم دۆخەدا هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە بێت کە پێشتر لە کاتی قەیرانەکاندا هەیبووە، و پێویستە بڕیارێکی سەروەری و مرۆیی دوور لە ترس و هەڕەشە بدرێت بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە ئامرازێک بۆ زیانگەیاندن بە گەلانانی ناوچەکە.
ئەم هەڵوێستەی خەزعەلی لە کاتێکدایە کە بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە لەبارەی داخستنی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەکانی عێراق و ئێران ڕاگیراون و ئەمەش کاردانەوەی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە.