عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕوانگەی وڵاتەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو، گەشەپێدانی ئابووری، و گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خستەڕوو.
لە وتارەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەسەر سەروەریی دەوڵەت کردەوە و ڕایگەیاند: «ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دەوڵەت خاوەنی بڕیاری ئاشتی و شەڕ بێت، و دەبێت چەک و ئامرازەکانی هێز تەنیا بەدەست دامەزراوە دەستوورییەکانەوە بن بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت.» هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتەکەی بە هەموو توانایەوە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتیدایە.
سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییە ئەمنییەکان، عەلی زەیدی ڕوونیکردەوە کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکان لە هاوکاریی سەربازییەوە بۆ هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدان دەگۆڕن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق خستەڕوو، بونیادنانی ئابوورییەکی هەمەچەشن و مۆدێرنە کە لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆجییەکاندا بگونجێت و ژینگەیەکی ئارام و گونجاو بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە وڵاتدا دابین بکات.