لە مانگی نیسانی ئهمساڵهوه تاوەکو ئێستا، سووریا بووەتە ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ گوواستنەوەی زیاتر لە 2.1 ملیۆن تۆن سووتەمەنیی عێراق بەرەو بازاڕەکانی ئەورووپا. رۆژانە نزیکەی 1,000 بارهەڵگر سووتەمەنی لە عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاست.
ئەحمەد قوباجی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا بۆ گواستنەوە و دابینکردن، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "تاوەکو ئەمڕۆ بەکۆی گشتی 2.123 ملیۆن تۆن سووتەمەنیی عێراقی ڕەوانەی ئەورووپا کراوە."
گرنگترین زانیارییەکانی ئەم ڕێڕەوە نوێیەی وزە:
- زیادبوونی جووڵەی بارهەڵگرەکان: ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی ڕۆژانە سووتەمەنی دەگوازنەوە لە 10 بارهەڵگرەوە بۆ 1,000 بارهەڵگر زیادی کردووە.
- خاڵی داگرتن: بارهەڵگرەکان بارەکانیان لە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست بەتاڵ دەکەنەوە، لەوێشەوە ڕاستەوخۆ دەکرێنە ناو کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ ئەورووپا.
- چوارەم گەورەترین ڕێڕەو: بەپێی بەرپرسانی نەوت، ئەم ڕێڕەوە وشکانییە ئێستا بووەتە چوارەم گەورەترین هێڵی ناردنەدەرەوەی سووتەمەنی و نەوتی عێراق لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ژواندنەوەی هێڵی نەوتی کەرکووک - بانیاس
لەلایەکی دیکەوە، هەردوو حکومەتی عێراق و سووریا لەسەر ڕاسپاردەی واشنتن ڕێککەوتوون بۆ ژیاندنەوەی هێڵی نەوتی مێژوویی کەرکووک - بانیاس. لە سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، ڕێککەوتنی بەهای 200 ملیار دۆلار لە کەرتی وزەدا ئیمزا کرا کە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئەم هێڵەش دەگرێتەوە.
ئەحمەد قوباجی ئاماژەی بەوەش کرد، دیراسەی تەکنیکی بۆ پڕۆژەکە تەواو بووە و ڕادەستی 6 کۆمپانیای نێودەوڵەتی کراوە (لەوانەش شێڤرۆن، تۆتال ئینێرجیز و UCC Holding). بڕیارە ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەبێت و جێبەجێکردنی 30 مانگ دەخایەنێت.
ئەم هەنگاوانەی بەغدا و دیمەشق دوای ئەوە دێن کە عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی بەدیل بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتەکەی، بەتایبەت دوای ئەو ئاستەنگانەی لە گەرووی هورمز هاتبوونە پێش.