ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی ڕاسپارد بۆ ئاسانکاری و جێبەجێکردنی بەپەلەی بەڵێنەکانی حکومەت لەبارەی گەڕاندنەوەی مافەکانی کوردانی فەیلی و سڕینەوەی تەواوی ئاسەوارە نەرێنییەکانی ڕابردوو.
لە چوارچێوەی هەنگاوەکاندا، حکومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵای لەسەر ئاستی وەزارەتەکان پێکهێناوە بە مەبەستی داڕشتنی بەرنامەیەکی کار و ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای پێویست بۆ تەرخانکردنی دارایی و قەرەبووکردنەوەی ماددی و معنویی کوردانی فەیلی.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن که سەرەڕای بڕیارەکانی پێشووی حکومەت بۆ سڕینەوەی ستەم و ئاسەوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوو لەسەر ئەم پێکهاتەیە، بەڵام پێکهێنانی ئەم لیژنە باڵایە هەنگاوێکی کردەیی ترە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکان.