ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە پەیامێکی فەرمی و بەرفراواندا، یادی تێکۆشان و فیداکاریی بێوێنەی شەهید ئارین میرکان (دلارە گێنچ) بەرز ڕادەگرێت، کە لە کاتی بەرخوەدانی مێژوویی کۆبانیدا بە چالاکییە فیداییەکەی بووە هێمای توندترین ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی تاریکی و ستەمکاری.
لە پەیامەکەی یەپەژەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە یادکردنەوەی ئارین میرکان تەنها گێڕانەوەیەکی مێژوویی سۆزداری نییە، بەڵکو خوێندنەوەیەکە بۆ فەلسەفەی تێکۆشان و ئیرادەی پۆڵایینی ژنی کورد کە قەبووڵی نەکرد ملکەچی تاریكی و کۆتوبەندەکان بێت.
ئارین؛ پێشەنگی بەرخوەدان لە کاتە سەختەکاندا
یەپەژە ئاماژەی بەوە داوە کە ئارین میرکان لە ژینگەیەکی نیشتمانپەروەردا گەورە بوو و لە تەمەنێکی زوودا باوەڕی بە دۆزی گەلەکەی و مافەکانی ژنان هەبوو، بۆیە دەستبەجێ بەشداریی لە ڕیزەکانی یەپەژەدا کرد. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٤دا شاری کۆبانێ کەوتە بەر پەلاماری دڕندانەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئارین لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخوەداندا وەستا و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە قەڵای کۆبانێ و شەرەفی مرۆڤایەتیی پاراست.
گۆڕانی هاوکێشەی شەڕ و دەنگدانەوەی جیهانی
لە پەیامەکەی یەپەژەدا ئەوەش خراوە ڕوو که هەڵوێست و چالاکییە فیداییەکەی ئارین تەنها ڕووداوێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بووە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی بەرخوەدانی ژناندا و وای کرد کە دۆزی کۆبانێ سنوری شارێک تێپەڕێنێت و سەرنجی ڕای گشتیی جیهان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بە جۆرێک کە گەلان لە کوردستان و ئەورووپاش پشتگیریی خۆیان بۆ بەرخوەدانی شەرڤانان دەرببڕن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، یەپەژە سڵاوی ڕێز و وفادارە بۆ خوێنی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی نارد و دووپاتی کردەوە که ناوی ئارین میرکان وەک هێمایەکی هەمیشەیی بۆ ئیرادە، کەرامەت و ئازادی لە هۆش و دڵی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.