پزیشکێکی ژنی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی توێژینەوە پێشەنگەکانی لە بواری پزیشکیدا لە کەنەدا خەڵاتێکی گرنگی زانستیی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، کە هیوایەکی گەورە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی و گرێ کوشندەکانی مێشک دەبەخشێت.
دکتۆرە ئارێز جیهانی، کە زانایەکی دیار و ناسراوی کوردە و لە کەنەدا نیشتەجێیە، لە ڕێگەی توێژینەوە زانستییە قووڵەکانی لەسەر مەترسیدارترین جۆرەکانی گرێی مێشک (تەمۆری مێشک)، توانیویەتی پێشکەوتنێکی بێوێنە لە بواری پزیشکیی دەماردا تۆمار بکات و سەرنجی ناوەندە تەندروستی و زانستییە جیهانییەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.
ئەم پزیشکە لێهاتووە ژنە، کە لە دایکبووی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ئێستادا وەک مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی بەناوبانگی ئۆتاوا لە کەنەدا کار دەکات.
دکتۆرە ئارێز بەم دەستکەوتە زانستییە نوێیەی، سەرەڕای بەخشینی هیوایەکی نوێ بە نەخۆشانی مێشک، توانی ناوی زانایانی کورد لە ناوەندە زانستییە گەورەکانی جیهاندا بە بەرزی بهێڵێتەوە.