ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا دانپێدانان و گێڕانەوەکانی ڕۆژنامەنووسی ئێرانی، ڤیدا ڕەببانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەخت دەکاتەوە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەستدرێژیی سێکس بووەتەوە بە مەبەستی ناچارکردنی بە قبووڵکردنی باڵاپۆشیی زۆرەملێ.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڤیدا ڕەببانی دوای دواین دەستبەسەرکردنی، ڕەوانەی ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی شاری "ساری" کراوە و لەوێ لە ژێر گوشارێکی دەروونی و جەستەیی تونددا بووە بۆ ئەوەی پابەندبوونی خۆی بە باڵاپۆشیی زۆرەملێوە ڕابگەیێنێت.
توندوتیژیی جەستەیی و نیشانەکانی سەر جەستەی
لە ڕاپۆرتەکەی گاردیاندا هاتووە کە شوێنی شینبوونەوە و توندوتیژی بە ڕوونی بە جەستەی ڤیداوە دیار بووە؛ ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: "لە کاتی پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، بە توندی قژم ڕاکێشراوە و بەشێکی کەچەڵ بووە."
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە پێشێلکارییە جەستەیی و دەروونییانە بەردەوام بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوانی سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی لە ئێراندا دووبارە دەبنەوە.
دەستدرێژیی سێکس لە گرتوخانەدا
یەکێک لە شۆکهێنەرترین بەشەکانی گێڕانەوەکەی ڤیدا ڕەببانی، پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی بووە لەگەڵ دەستدرێژیی سێکسی؛ ئەو ئاشکرای دەکات کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا، یەکێک لە لێکۆڵەرە ئەمنییەکان هێرشی کردووەتە سەری و دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەر.
هۆشداریش دەدات کە ئەو لەو کاتەدا هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ بەرگریگرتن لە خۆی و ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە.
کاریگەرییە دەروونییە بەردەوامەکانی دوای ئازادکردنی ڤیدا ڕەببانی ئاماژە بەوە دەکات کە تەنانەت دوای ئازادبوانیشی، کێشە دەروونییەکانی کۆتاییان نەهاتووە و ئەزموونی ناو گرتوخانەکە کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر بەجێهێشتووە.
ئەو دەڵێت کە تووشی تێکچوونی خەو، سەرئێشە و دڵەڕاوکێی توند (پانیک ئەتاک) بووە، بە شێوەیەک کە ئێستا بۆ بەردەوامبوونی ژیانی ڕۆژانەی ناچارە دەرمانی هێورکەرەوە بەکاربهێنێت.
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەسەرانسەری جیهان، دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، جارێکی دیکە داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف لە دۆخی گرتوخانەکانی ئێران دەکەن، هەرچەندە بەرپرسانی ئێران بەردەوام ئەم جۆرە تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە.