ڕاستەوخۆ

تاڵیبان خۆپێشاندانی ژنان قەدەغە دەکات

reset font size increase font size

بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان ڕێوشوێن و گوشارەکانی بۆ سەر پۆشاکی ژنان، خۆپێشاندانە جەماوەرییەکان و تەنانەت بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک لەلایەن بەرپرسانی خۆیەوە توندتر دەکات، بەڵام چاودێران و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم کۆنترۆڵە توند و بێوێنەیەی ڕژێمەکە نیشانەی بوونی ترس و دڵەڕاوکێی پێشوەختەی قووڵە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە دژی دەسەڵاتەکەیان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی نێردەی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (UNAMA)، لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لانیكەم 30 ژنیان لە شاری هێرات لە ڕۆژئاوای وڵات بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی پۆشاک و حیجاب دەستبەسەر کردووە.

 ئەم دەستبەسەرکردنانەش بوونە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی دەگمەن لە ناوچەیەکی شیعەنشینی ئەو شارەدا کە پێشتریش بەدەست نائارامی و جیاکارییەوە دەیناڵاند، دواجاریش هێزەکانی تاڵیبان بە توندوتیژی و تەقەکردن وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە کە لە ئەنجامدا لانی کەم دوو کەس کوژران، کە یەکێکیان منداڵ بوو، زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات لەگەڵ ئەم سەرکوتکارییانەدا، تاڵیبان بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە تێیدا بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکی لە بەرپرسان و فەرمانبەرانی حکومەت قەدەغە کردووە و بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکانیش چەکدارانی بزووتنەوەکە مۆبایلەکانی خۆیان دەشکێنن، کەچی هاووڵاتییانی ئەفغانستان دەترسن لەوەی ئەم قەدەغەکردنە لە داهاتوودا تەواوی خەڵک بگرێتەوە، چونکە لە ژینگەیەکی بێ متمانەیی بە میدیای فەرمیدا، مۆبایلە زیرەکەکان بوونەتە تاکە ئامرازی سیاسی بەدەست خەڵکەوە بۆ دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان و ناردنیان بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دەرەوەی وڵات.

شینکای کارۆخێل، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان و چالاکی مافەکانی ژنان ئاماژە بەوە دەکات کە تاڵیبان لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و هەلی کار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بە تەواوی شکستی هێناوە، بەڵکو ئێستا ژنان دەکاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە، چونکە لە مانگی ئابی داهاتوودا پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی ئەو بزووتنەوەیە بۆ سەر دەسەڵات تێپەڕ دەبێت و ئەوان باش دەزانن کە خەڵکێکی زۆر لە شێوازی حوکمڕانییەکەیان بێزار بوون و ترسی جیددییان لە دووبارە هەرەسهێنانی ڕژێمەکەیان هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.