ڕاستەوخۆ

نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 11 هەزار دەریاوانی گیراو لە گەرووی هورمز ڕزگار دەکات

reset font size increase font size

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO)، کە ئاژانسێکی تایبەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ڕایگەیاند پڕۆسەیەکی بەرفراوان بۆ گواستنەوە و ڕزگارکردنی هەزاران دەریاوانی گیراو لە گەرووی هورمز دەستپێدەکات، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای ڕەوینەوەی گرژییەکان و ئاسانکاریی ڕێوشوێنە توندەکانی سەر ئەو گەرووە دێت.

ئارسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی (IMO) لە ڕاگەیێندراوێکدا پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد، و ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ گێڕانەوەی ئاسایشی دەریایی و کۆتاییهێنان بە هێرشە قبووڵنەکراوەکانی سەر کەشتییە مەدەنییەکان کە بۆ ماوەی چەندین مانگ بووە هۆی نەهامەتی بۆ دەریاوانان.

ئاشکراشی کردووە، پلانەکە تایبەتە بە چۆڵکردنی ئەو دەریاوانانەی کە لە ناو 500 بۆ 600 کەشتیی گیراو لە کەنداو کێشەیان بۆ دروست ببوو، ئێستاش پەیوەندی بە کەشتییەکانەوە کراوە بۆ دەستپێکردنی گواستنەوەکە.

جێی باسە، سەپاندنی سنووردارکردن لە سەر گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە کاتی شەڕدا، قەیرانێکی گەورەی لە ناوچەکەدا دروستکرد، کەچی دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بوو کاتێک ئەمریکاش گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانی دا، ئەمەش وایکرد هاتوچۆی کەشتییەکان لەم دەروازە ستراتیژییەدا بە تەواوی پەکبکەوێت و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەش، 14 دەریاوان لە کاتی پێکدادانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.

ئێستا بەهۆی ڕێککەوتنەکەوە، پڕۆسەی گواستنەوەی زیاتر لە 11 هەزار دەریاوانی گیراو دەستپێدەکات و  ئەم ئۆپۆراسیۆنە گەورەیە بە هەماهەنگیی نزیک لە نێوان ئێران، عومان، وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی ناوچەکە، ئەمریکا و کەرتی گواستنەوەی دەریایی بەڕێوەدەچێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.