سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند و چڕی تەندروستی لەلایەن دامەزراوە پزیشکییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، بەڵام ئامارەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسی کوشندەی "ئیبۆلا" لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە.
وەزارەتی تەندروستیی کۆنگۆ لە نوێترین ڕاگەیێندراوی فەرمیی خۆیدا ئاشکرای کردووە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی وردی تاقیگەیی لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، 64 حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە پشتڕاستکراونەتەوە.
هاوکات 6 توشبووی دیکەش بەهۆی توندیی کاریگەریی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە؛ بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی ئەو کەسانەی لەم شەپۆلەدا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 160 کەس، لە کاتێکدا زیاتر لە 671 کەسی دیکە لەژێر گومانی توندی توشبووندان و پزیشکان لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی ناو کۆنگۆ و بەهۆی هاوسنووریی وڵاتانەوە، مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاکە گەیشتووەتە وڵاتانی دراوسێش.
بە جۆرێک وەزارەتی تەندروستیی ئۆگەندا ڕایگەیاندووە کە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لەسەر هێڵن و تاوەکو ئێستا تەنیا دوو حاڵەتی توشبوون بە ئیبۆلا لە وڵاتەکەیان تۆمارکراوە؛.
لەو دوو حاڵەتەش یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی دیکەیان لەژێر چاودێریی توندی پزیشکیدا هێڵدراوەتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی نوێی دیکە لەناو سنوورەکانیاندا پشتڕاست نەکراوەتەوە.
مێژووی سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە بکوژە لە کۆنگۆ بۆ چەندین دەیەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک لە دوای یەکەم دەرکەوتنی گەورەی لە ساڵی 1976ـەوە، ئەمە 17ـەمین جارە ڤایرۆسی ئیبۆلا لەم وڵاتەی کیشوەری ئەفریقا بەشێوەیەکی بەربڵاو سەرهەڵدەداتەوە و دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، ئاسایشی تەندروستی و سیستمی پزیشکیی ناوچەکە.