حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە لە ڕێگەی درۆنەوە دوو هێرشیان بۆ سەر باشووری سعودیە ئەنجامداوە و ئامانجە هەستیارەکانی وەک فڕۆکەخانەی نەجران و دامەزراوەیەکی نەوتی ئارامکۆیان کردووەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕایگەیاند کە هێزەکانیان دوو هێرشی درۆنییان بۆ سەر خاکی سعودیە ئەنجامداوە.
بەپێی وتەی وتەبێژەکەی حوسییەکان، لە هێرشی یەکەمدا شوێنێکی هەستیاری فڕۆکەخانەی نەجران کراوەتە ئامانج، و لە هێرشی دووەمدا دامەزراوەیەکی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ لە هەمان پارێزگا کراوەتە ئامانج.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لایەنی فەرمیی سعودیە یان هاوپەیمانی عەرەبی هیچ ڕوونکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەیەکیان سەبارەت بە ڕوودانی ئەو هێرشانە و زیانەکانی بڵاونەکردووەتەوە.