لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، بە توندی دژی سزای نوێی نایاسایی و تاکلایەنەی یەکێتی ئەوروپاین بۆ سەر دامەزراوەکانی چین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری نوێی یەکێتی ئەوروپا نایاساییە و پێویستە بڕیارە هەڵەکەیان ڕاست بکەنەوە.
ئەم گوتانەی حکومەتی چین دوای ئەوە دێت، دوێنێ دووشەممە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە هاککردنی بەشێک لە ژێرخانی سیستمی تەکنەلۆژی لە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، سزای بەسەر دوو کۆمپانیای تەکنەلۆژیی چینیدا سەپاند.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کارکردن و پێدانی پارە بەو دوو کۆمپانیایە لەلایەن هاوڵاتییان و کۆمپانیا ئەوروپییەکانەوە قەدەغە دەکرێت، دامەزرێنەرانی هەردوو کۆمپانیاکەش ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو خاکی یەکێتی ئەوروپاوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەریتانیا لە مانگی یەکی ئەمساڵ بە پاساوی ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنیی مەترسیدار، سزای بەسەر هەمان ئەو دوو کۆمپانیایەدا سەپاند.