تۆمەتبارێکی پاکستانی کە بە داڕشتنی نەخشەیەک بۆ کوشتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تۆمەتبار کراوە، لە دادگا ڕایگەیاند، بە ئیرادە و ویستی خۆی، هاوکاریی سوپای پاسدارانی ئێرانی نەکردووە، بەڵکو ناچار کراوە.
ئاسف مێرچنت، لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار کراوە، بۆ تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، هەوڵیداوە لە چوارچێوەی پلانێکدا، چەند کەسێک بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ و چەند سیاسەتمەدارێکی دیکەی ئەمریکا بەکرێ بگرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئاسف مێرچنت لە دادگا گوتوویەتی: من بە ویستی خۆم ئەو کارەم نەکردووە، بەڵکو تەنها بۆ پاراستنی خێزانەکەم لە تاران، ڕازی بووم هاوکاریی سوپای پاسداران بکەم.
بەڵام ئەم قسانەی ئاسف لەلایەن داواکاری گشتییەوە ڕەتکراوەتەوە.