میدیاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، ئیسرائیل زانیاریی نوێ و گرنگی ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا کردووە، کە تێیدا دەردەکەوێت کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی تاووتوێکردنی پلانێکی نوێیە بۆ تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی، ئەم زانیارییە هەواڵگرییانە کاریگەریی قورسیان لەسەر بیرکردنەوە و گوتاری سەرۆکی ئەمریکا داناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بە شێوەیەکی ئاشکرا ئاماژەی بە بوونی هەڕەشەی جدی لەسەر ژیانی خۆی کردووە و ڕایگەیاندووە، ئێران دەیەوێت سەرۆکی ئەمریکا لەناو ببات و ناوی ئەو لە نێو سەرجەم لیستەکانی تیرۆری کۆماری ئیسلامیدایە.
ڕاپۆرتە میدیایییەکانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم هەڕەشانەی ئێران بۆ سەر ژیانی دۆناڵد ترەمپ تەواو جدی و مەترسیدارن. لێکۆڵەرانی ئەمریکی لەم چوارچێوەیەدا پشت بە هەوڵەکانی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران دەبەستن، بە تایبەت هەوڵی تیرۆرکردنی (جۆن بۆڵتن) ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ساڵی 2022دا، کە وەک بەڵگەیەک لەسەر توانای ئێران بۆ داڕشتنی پلانی لەو شێوەیە لە قەڵەم دەدرێت.