شاندە پەرلەمانییەکانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO)، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوەکە گەیشتنە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا.
بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە هەماهەنگیی یاسایی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە بکرێت.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی دومای دەوڵەت (پەرلەمانی ڕوسیا)، شاندەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO) گەیشتوونەتە مۆسکۆ.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پەرلەمانیی ڕێکخراوەکە بە سەرپەرشتیی ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی دومای دەوڵەتی ڕوسیا ئەنجام بدرێت.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کارنامەی کۆبوونەوەکە چەند پرسێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت لەوانە؛ گونجاندنی یاساکانی وڵاتانی ئەندام لەگەڵ یەکتر، تاوتوێکردنی ڕێگەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی و هەڕەشە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی ژێر بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەکە.
ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO) هاوپەیمانییەکی سەربازییە کە وڵاتانی ڕوسیا، بێلاڕوس، کازاخستان، قرغیزستان، تاجیکستان و ئەرمینیا لەخۆ دەگرێت.
ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 2002 دامەزراوە و ئامانجی سەرەکیی پاراستنی ئاسایشی ناوچەیی، بەرگریی بەکۆمەڵ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە. بارەگای سەرەکیی ڕێکخراوەکە لە مۆسکۆیە و زۆرجار وەک هاوسەنگیی لە بەرانبەر ناتۆ لە ناوچەکەدا دەبینرێت.