دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی کرملن ڕایگەیاند کە پێشنیازی بەستنی کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین، دۆناڵد ترەمپ و ڤلۆدۆمێر زێلینسکی لە مێژەوە کراوە، بەڵام هەڵوێستی مۆسکۆ ڕوونە و کۆبوونەوەی لەو شێوەیە تەنها بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکان دەبێت.
دیمیتری پیسکۆف سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی ئۆکرانی ئامادەییی جدی بۆ چوونە ناو پرۆسەی ئاشتی نیشان نادات. ناوبراو جەختی کردەوە کە بەهۆی قووڵیی جیاوازییەکان بەتایبەت لەسەر بابەتی ناوچەیی و ئاسایش، گەیشتن بە ڕێککەوتن پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و وردەکاریی زۆری تێدایە.
گوتەبێژی کرملن ڕوونیشی کردەوە، لە ئێستادا هیچ مەرجێکی پێشوەختە بۆ سازدانی ئەو لوتکەیە ئامادە نییە، بەڵام مۆسکۆ وەک هەمیشە بۆ دانوستان ئامادەیە. بە بڕوای مۆسکۆ، هەر کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرکردەکان دەبێت کۆتایی و لوتکەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی دانوستاندن بێت، نەک ببێتە جێگرەوەی پرۆسەکە.