نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا، لە زیندانێکی برۆکلن لە شاری نیویۆرک بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەک پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر خۆڕاگریی خۆی کردەوە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکرا.
مادورۆ و سیلیا فلۆرێسی هاوژینی، لە مانگی کانوونی دووەمدا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکادا لە کاراکاس دەستگیرکران و گواسترانەوە بۆ زیندانێکی برۆکلن بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و هەڵگرتنی چەک، بەڵام هەردووکیان سەرجەم تۆمەتەکان ڕەتدەکەنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 30ی ئابی 2026، مادورۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام نووسیویەتی کە ئەم وێنانە وەک دیارییەک بۆ نەوەکان و لایەنگرانی دەنێرێت و ئاماژەی بەوە کردووە: "دەمەوێت بزانن کە ئێمە خۆڕاگرین و دڵمان پڕە لە خۆشەویستیی ئێوە. بە بەهێزی، ئارامی و متمانەوە دەمێنینەوە."
لە وێنەکاندا مادورۆ جلێکی وەرزشیی ڕەنگ خۆڵەمێشیی پۆشیوە و بە دەستەکانی هێمای ئاشتی پیشان دەدات، لە کاتێکدا بەپێی داتای کامێراکە وێنەکان لە 25ی حوزەیرانی ڕابردوو گیراون؛ هەروەها دەرکەوتووە کە مادورۆ لەوکاتەوەی دەستگیرکراوە کێشێکی زۆری لەدەستداوە.
ئەم پەیامەی مادورۆ دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە دێلسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، ڕێککەوتنێکی نەوتی لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند بۆ بەگەڕخستنەوەی کێڵگە نەوتییەکان.