ئسەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایانگەیاند، ڕۆژی دووشەممە تورکیا میوانداریی سعودیە و پاکستان دەکات بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کۆبوونەوەی وەزاریی گروپە نوێیە هەرێمییەکەیان لە بواری بەرگریدا.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی "ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە" بەڕێوەدەچێت کە سەرەتای ئەم مانگە واژۆکرا و هەر سێ وڵاتەکە پابەند دەکات بە بەرگریی هاوبەش لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک. ئامانجی سەرەکیی دروستکردنی ئەم هاوپەیمانییە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانە لە سایەی بەردەوامیی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و هێرشەکانی حوسییەکان لە ناوچەکەدا.
لە کۆبوونەوەکەی ئیستەنبوڵدا، کە لایەنە تورکییەکەی بە سەرۆکایەتی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سوپاسالاری وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت، "لێژنەیەکی ستراتیژیی سیاسی و بەرگری" دەستنیشان دەکرێت. لە لایەنەکانی دیکەشەوە ئیسحاق دار جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری و فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی پاکستان، و هاوکات وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و سوپاسالاری سعودیە بەشدار دەبن.
ئەم ڕێککەوتنە تواناکانی تورکیا (خاوەنی دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ)، پاکستان (تەنیا وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی لە جیهانی ئیسلامیدا) و سعودیە (هێزی پێشەنگی گەشەسەندووی کەنداو) ڕێکدەخاتەوە. جگە لە پرسی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەشداربووان گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری، کارکردنی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانیان و هاریکارییەکانیان لە پیشەسازیی بەرگریدا دەکەن.