عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامی توندی ئۆکراینا دەداتەوە بەهۆی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێرانی لە دەریای قەزوین کە بووە هۆی تەقینەوەی کەشتییەکە، کوژرانی دەریاوانێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
عەباس عێراقچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئەم هێرشەی وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوهێنا و ئاماژەی بەوە کرد، کردەوەکە لەسەر داوای ئیسرائیل و بە مەبەستی ڕاکێشانی ئەورووپا بۆ ناو جەنگ ئەنجام دراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کێڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی کردەوە، ئەم هەنگاوەی ئۆکرانیا بە بێ وەڵام نامێنێتەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی ئۆکراینای لە تاران بانگهێشت کرد تاوەکو ناڕەزایەتیی فەرمیی وڵاتەکەی ڕادەست بکات.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، هێزەکانیان ڕێگەی هێرشی دوورهاوێژەوە لە دەریای قەزوین دەستکەوتی بەرچاویان بەدەست هێناوە و سەرکەوتووانە ئەو کەشتییە بارهەڵگرانە و کەشتییەکی جەنگییان پێکاوە کە بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی لە نێوان ئێران و ڕووسیادا بەکار دەهێنران.
دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا پشتڕاستی کردەوە، هێرشە درۆنییەکانیان ئەو کەشتییانەی کردووەتە ئامانج، کە لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، تاران جەخت لەسەر بێلایەنیی خۆی لە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینادا دەکاتەوە و بەکارهێنانی کەشتییە بازرگانییەکانی بۆ مەبەستی سەربازی ڕەت دەکاتەوە.