محەمەد ئەلبوخەیتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵا (حوسییەکان) لە یەمەن ڕایگەیاند، گەرووی بابولمەندەب بە تەواوی بەڕووی جووڵەی دەریاوانیی عەرەبستانی سعودیەدا داخراوە.
سەرچاوەیەک لە هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختی کردەوە، بڕیاری گەمارۆدانی دەریایی سەر کەشتییە سعودییەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هیچ کەشتییەکی نەوتیی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە لە گەرووی بابولمەندەبەوە تێپەڕ ببێت، بە شێوازێک کە لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ ڕێگە بە 16 کەشتیی سعودیی نەدراوە تێپەڕ ببن و گەڕێنراونەتەوە.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا سێ کەشتیی نەوتیی سعودییان لە دەریای سوردا کردووەتە ئامانج. ئەم ئاڵۆزییە نوێیانە دوابەدوای ئەوە دێن کە بزووتنەوەی حوسییەکان ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو گەمارۆی دەریایییان بەسەر هاتوچۆی دەریاییی سعودیەدا سەپاند.
گەرووی بابولمەندەب، تەنها 29 کیلومەتر پانە و ڕێڕەوی نێوان ئاسیا و ئەوروپایە، نزیکەی 15٪ی بازرگانیی دەریاییی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و داخستنی مەترسیی گەورە لەسەر بازاڕەکانی نەوت و ئابووریی جیهانی دروست دەکات.