ڕاستەوخۆ

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا: ڕەوشی ئاگرکەوتنەوەکان "زۆر خراپە"؛ زیاتر لە 250 هەزار کەس ئاوارە بوون

reset font size increase font size

لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند کە بارودۆخی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە شێوەیەکی "زۆر خراپ" بەردەوامە و تەنیا لە شەوی ڕابردوودا 55 هەزار کەسی دیکە ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان کراون، بەمەش کۆی گشتیی ئاوارەبووان لەو ناوچەیە گەیشتە 220 هەزار کەس.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نوسیویەتی: "شەوێکی سەختی دیکە لە بەرەی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەدا بەڕێکرا و ڕەوشەکە بە زۆر خراپی ماوەتەوە."

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە 2,500 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە (بە تیمی فریاگوزاریی سویسراشەوە)، 1,500 سەرباز و نزیکەی 1,200 پۆلیس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاگرەکە لە هەرێمی ژیرۆند بڵاوەیان پێکراوە.

ئاگری سەرەکیش لە دەروازەی شاری بۆردۆیە

مەترسیی ئاگرەکە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو شاری مێژوویی بۆردۆ نزیک دەبێتەوە.

دەسەڵاتدارانی هەرێمی ژیرۆند فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەیان بۆ پێنج ناوچەی دیکەی باشووری ڕۆژئاوای شارەکە دەرکردووە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی ئاراستەی با و وشکیی کەشوهەوا کە کارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

تۆماس کازنێڤ، شارەوانی بۆردۆ ڕایگەیاند کە ئاگرەکە گەیشتووەتە "سەر دەروازەکانی ناوچەی پایتەختی هەرێمەکە" و لە نزیکترین خاڵدا تەنیا 15 کیلومەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە.

پارێزگاری ژیرۆندیش فەرمانی بە داخستنی بەشێکی ڕێگەی سەرەکی و خێڕای چوونەژوورەوە و دەرچوون لە شارەکە داوە.

زیانەکان لە ئاستێکی پێوانەییدان:

ڕووبەری سووتاو: تاوەکو بەیانیی یەکشەممە، زیاتر لە 42,000 هێکتار (162 مایلی چوارگۆشە) دارستان و زەوی سووتاون.

 ئەم ڕووبەرەش حەوت ئەوەندەی دوورگەی مانهاتن لە نیویۆرک و چوار ئەوەندەی تەواوی ڕووبەری شاری پاریسە.

ناچاربوون بە کۆچکردن: جیا لە هەرێمی ژیرۆند، ئاگرێکی دیکە لە ناوچەی لاندێس (Landes) لە باشوور بووەتە هۆی چۆڵکردنی ماڵی 30 هەزار کەسی دیکە.

 بەمەش تێکڕای ئەو کەسانەی لە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا ماڵەکانیان جێهێشتووە 250 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

تەقینەوەی ئاگر لە ئیسپانیای دراوسێش

لەلایەکی دیکەوە، لە ئیسپانیای دراوسێش بڵێسەی ئاگر لە ناوچەی ڤالێنسیا و ڕۆژئاوای مەدرید بەردەوامیی هەیە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 116,000 کەس لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکومەتی خۆجێیی ڤالێنسیا، لە ئۆتۆمبێلێکدا کە بەهۆی ئاگرەکەوە گڕی گرتبوو، کەسێک لە نێو دۆڵێکی شارۆچکەی مانیسێس گیانی لەدەستداوە کە ئەمەش یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی تۆمارکراوە لە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگەش 13 کەسی دیکە لە باشووری ئیسپانیا بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەستدابوو.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.