فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە هێرشێکی بەرگری لەخۆکردندا پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانەیان لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج، کە هەوڵی چاندنی مینی دەریایییان دەدا. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە شاندی دانوستانکاری ئێران بۆ گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە قەتەرن.
تیم هاوکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم، جەختی لەوە کردەوە، هێرشەکان بۆ پاراستنی سەربازەکانیان بووە لە هەڕەشە لە ناکاوەکان. ئەم هێرشانە مەترسی بۆ سەر ئەو ئاگربەستە دروست دەکەن، کە لە 8ی نیسانەوە دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ڕێککەوتنێکە بۆ سەقامگیریی بازاڕی وزە و ئابووری.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا مەرجەکانی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، دەبێت تاران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ڕادەستی ئەمریکا بکات یان لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا لەناوی ببات.
سەرۆکی ئەمریکا داوای کردووە، وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش سعودیە، قەتەر، پاکستان، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە، وەک بەشێک لەم ئاشتییە بچنە ناو ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە سعودیە و قەتەر جەخت دەکەنەوە، کە بەبێ دەوڵەتی فەڵەستین ئەو هەنگاوە نانێن.
لەلایەکی دیکەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵێنی لەناو بردنی حیزبوڵای داوە و فەرمانی بە سوپا کردووە هێرشەکانیان لە لوبنان خێراتر بکەن. نەتانیاهۆ دەڵێت: "لەگەڵ ترەمپ ڕێککەوتوون، کە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوەتی بنبڕ بکات".
لای خۆشییەوە، ئێران داوا دەکات هەر ڕێککەوتنێک بکرێت، پێویستە لوبنانیش بگرێتەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە لەسەر زۆربەی خاڵەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە زۆر نزیکە.