سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 890 ملیار دینار بۆ موچەی مانگی ئایار گەیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تێچووی موچە زیاتر لە 950 ملیار دینارە، هێشتا بڕی پارەکە تەواو نییە و بڕیارە ئەمشەو لیستی دابەشکردنی مووچە یەکلا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 25ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ڕاگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی دەست بە دابەشکردنی موچە دەکرێت، بەڵام میکانیزم و ڕێکارەکانی دابەشکردنەکە هێشتا یەکلا نەکراونەتەوە، چونکە گەیشتنی پارەکە لە ناو پشووەکانی جەژندا بووە و پێویستی بە ڕێکاری نوێ هەیە.
ئەو سەرچاوەیە دڵنیایی دایە فەرمانبەران، لە ڕۆژانی جەژنی قوربانیشدا، دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) بەردەوام دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن موچەکانیان وەربگرن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 50 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش بڕی 890 ملیار دینارەکەی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی وەرگرت.