وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئۆکرانیا نزیکەی هەزار و 370 سەربازییان لەدەستداوە و هەزار و 53 درۆنی ئۆکرانیایش خراونەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، 200 سەربازی ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی سومیا و خارکیڤ، زیاتر لە 220 سەرباز لە هەرێمەکانی خارکیڤ و دۆنێتسک، زیاتر لە 580 سەرباز لە دۆنێتسک، زیاتر لە 310 سەرباز لە دەنێپرۆپێترۆڤسک و زاپۆریژیا، هاوکات نزیکەی 30 سەربازی دیکەیش لە زاپۆریژیا کوژراون.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی ڕوسیا فڕۆکەخانەیەکی سەربازی و دامەزراوەکانی ژێرخانی سووتەمەنی، وزە و گواستنەوەیان کردووەتە ئامانج کە لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بەکاردەهێنران، لە 146 شوێنیش بنکە و کۆگاکانی درۆن و خاڵەکانی نیشتەجێبوونی کاتیی هێزەکانی ئۆکرانیا و چەکدارە بێگانەکانیان بۆردوومان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا جەختی کردەوە کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 11 بۆمبی ئاسمانی و هەزار و 53 درۆنی ئۆکرانیایان خستووەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند، لە هەمان کاتدا چەندین ناوچە ڕووبەڕووی هێرشی ڕووسیا بوونەتەوە. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گوتی، هێرشێکی درۆنیی ڕووسیا ناوەندێکی بازرگانیی لە کریڤی ڕیگ کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی ئۆکرینفۆرم ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا لە هێرشێکی شەوی ڕابردوودا 182 درۆنی ڕووسی، 3 مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و 6 مووشەکی باندێرۆی ڕێگری لێکردووە و تێکیشکاندوون.