ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران کار لەسەر داڕشتنی لێکتێگەیشتنێک دەکەن، کە ئامانج لێی کردنەوەی گەرووی هورمز و درێژکردنەوەی ئاگربەستە بۆ ماوەی 60 ڕۆژ، وەک هەنگاوێک بەرەو ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، هەردوولا و هاوپەیمانەکانیان پابەند دەبن بە ڕاگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان. هەروەها لە قۆناغی ڕاگوزەریشدا، مینە چێنراوەکانی ناو گەرووی هورمز لادەبرێن و لە ماوەی 30 ڕۆژدا هاتوچۆی کەشتیوانی بۆ دۆخی پێش جەنگ دەگەڕێتەوە.
بەرپرسێکی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا ئەمریکا 12 ملیار دۆلار لە پارە بلۆکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات و گەمارۆ ئابوورییەکانیشی سووک دەکرێن. لێکتێگەیشتنەکە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەخۆ ناگرێت، بەڵکو تەنیا بەڵێنێکە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە لە داهاتوودا.
لە بەرانبەردا، بەرپرسە ئەمریکییەکە جەختی کردووەتەوە، کە هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ نەکراوە و لێکتێگەیشتنەکە تەنیا لەسەر بنەمای متمانە و چاودێریی توند دەبێت. واشنتن مەرجی ئەوەی داناوە، کە هیچ پارەیەک ئازاد ناکات تاوەکو ئێران دەست نەکات بە وازهێنان لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز.
لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ئیسرائیل مافی پارێزراو دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەستبەجێ کە ڕووبەڕووی ببێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر لایەنی ئێرانی ڕەزامەندیی کۆتایی بدات، وردەکاریی زیاتر لەمڕۆوە بڵاو بکرێتەوە.